گەرماو گەرم
recent

چۆنییەتی بەکارهێنانی ئاو لە کوردستان و پاراستنی لە چ ئاستێکدایە؟چی بکەین بۆ ئەوەی بەکارهێنانی ئاو کەم بکەینەوە؟


ئاو وەکو سەرچاوەیەکی گرنگ و پێویست لە هەموو ووڵاتێکدا بایەخ و ڕێزی خۆی هەیە جا ڕێزگرتنەکە لەوە بێت کە ڕێز لە گرانی بەرهەم هێنانی ئاو بێت یاخود لە بەرزی نرخەکەی بێت یان ئاستی ڕۆشنبیری حکومەت و تاک زۆر بەرزترە ئەگەر بەراورد بکرێت بە حکومەت و تاکی کوردی ئێمە.گرنگ ئەوەیە ئاو لە ووڵاتانی دەوروبەری ئێمە و هەموو جیهان ڕێزێکی گەورەی لێدەگیرێت و لەو پێناوەشدا چەندین گروپ و ڕێکخراو لەپێناو ئاودا دروستبوون.ئەوەی زۆر سەیرە لەم ووڵاتەی ئێمەدا هێشتا هیچ گرنگییەک بەم بابەتە نادەین و بەشێوازێکی زۆر ناشارستانیی ئاو بەکاردێنین و ئەگەر بە گەڕەکێکی ئەم هەرێمەی ئێمەدا تێپەڕ بیت دەبینی یەکێک سەیارەی پێدەشوات و یەکێکی تر لەبەردەرگای خۆیەوە تاوەکو کۆتایی کۆڵانەکەی خۆیان ئەشوات و وا هەست ئەکات دڵسۆزی ئەنوێنیت بەرامبەر بە دراوسێکانی و ئازایەتی کردووە ئەم هەموو ئاوەی بەفیڕۆداوە.

ئەوەی جێگای سەرنج و تانە لێدانە لەم هەرێمەی ئێمەدا لەسەر ئاوی خاوێن ئەوەیە بەدڵنیایەوە فلتەرەیشن واتە پاککژکردنەوەی تەواوی بۆ ناکرێت و بڕی کلۆریش لەناو ئاودا ڕۆژانە گۆڕانکاری تیدا ڕوودەدات و هەندێک جار ئاو پیس دەبێت و بە قوڕاوی دێتە ماڵەکانمانەوە و هەمووشمان ئەمەمان بەچاوی خۆمان بینیوە.لە کام وێستگەی خاوێنکردنەوەی ئاوی هەرێمی کوردستان بگەڕێیت هەموویان کۆنن یاخود ئەگەر تازەش بێت دوای ئەوەی کۆمپانیای جێبەجیکاری پڕۆژە پڕۆژەکە دەداتەوە بە حکومەت کۆمەڵێک کەسی نەشارەزا دەخەنە سەر بەڕێوەبردنی پڕۆژەکەو کە لەماوەیەکی کەمدا سیستمی پاککردنەوە و هەنگاوە کیمیاویەکانی خاوێنکردنەوەی ئاو تێکدەچن و چیتر لەسەر ستانداردەکەی پڕۆژەکەی لەسەر بنیاتنراوە کاری پێناکرێت و پڕۆژەکەش ئاستی خاوێنکردنەوەی ئاو تیایدا دەچێتە هەمان ئاستی ئەو وێستگە کۆنانەی کە چەندین ساڵە کاردەکەن و سودێکی ئەوتۆیان نەماوە.حکومەتی هەرێمی کوردستان لەیەکێک لە نوکتە تازەکانیدا بە بڕیارێک بڕیار دەدات کە بۆ هەر زەویەکی ١٠٠ مەتر دووجا مانگانە بڕی ١٠،٠٠٠ دیناری عێراقی وەربگرێت کە ئەمەش بەڕاستی کارەساتە،چونکە تۆ خۆت لەجیاتی هاوڵاتیان فێری سیستمی نوێی ئەوروپیان بکەیت دێیت فێری ئەوەیان بکەیت چۆن ئاو بەفیڕۆ بدەیت.با وای دابنێین کە خانویەکی ١٠٠ مەتر دووجامان هەیە،واتە مانگی ١٠،٠٠٠ دیناری عێراقی دەدەین بە بەڕێوەبەرایەتی ئاو.ئەمە چیمان پێدەڵێت؟ئەمە پێمان دەڵێت ئەگەر تۆ مانگەکە لیترێک ئاو بەکار بهێنیت یاخود ملیۆنێک لیتر ئاو بەکار بهێنیت هەمان بڕ پارە دەدەیت بە حکومەت کەواتە لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت چەندێک ئاو بەفیڕۆ بدەین کێشەمان نییە چونکە هەر ١٠،٠٠٠ دیناری عێراقی دەدەین.من نازانم ئەم یاسا نوێیەیان لە چ هەسارەیەکی ترەوە هێناوە بۆ ئەم هەرێمە؟بەهەرحاڵ من لەم چەند خاڵەدا تیشک دەخەمە سەر هۆکارەکانی بەفیڕۆدانی ئاوی خواردنەوە لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا:

١.شێوازی بەرهەمهێنانی ئاو لەووڵاتی ئێمەدا و هەرێم بەتایبەتی،هەر شێوازە کۆنەکانی ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵ لەمەو بەرەو ئەو ئاوەی بەرهەم دێت،تەندروست نییە. بۆیە لەبەرامبەریشدا ناتوانێت تاسکێک یاخود باجی زۆر دابنێت لەسەر بەکارهێنانی ئاو چونکە هەموو کەسێک بە شتێکی کوالیتی بەرز پارە دەدات نەک کوالیتی نزم .

٢.شێوازی دابەشکردنی ئاو بەناو شاردا بێ ماستەر پلانکراوە و لە چەندین جێگادا لیک(بەفیڕۆچوون)هەیەو کەس خۆی بەخاوەنی نازانێت،لەگەڵ ئەوەشدا کە چەندین سەرچاوە هەیە ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت و حکومەت سودی لێ نابینێت.

٣.هیچ باجێکی یاسایی نییە تاوەکو بەزۆر وا لە تاک بکات کە دەست بە ئاوەوە بگرێت.

٤.ئاستی ڕۆشنبیری و ژینگەی تاک نزمەو نەک لەم بابەتەدا بگرە لە هەموو بابەتەکانی تری سامانی گشتیدا زۆر کەمە بۆنمونە ئاوو کارەبا. هەموو وادەزانین ئەگەر هەر شتێک هی خۆمان نەبێت،هی دووژمنەکەمانە.

٥.لەوڵاتێکدا کە هێشتا سیستم تیایدا نەچەسپا بێت،ڕێزگرتن لە هەموو شتەکان کەمە.

٦.نەبوونی فلۆو میتەر(flow meter)بۆ پیوانی بڕی ئاوی بەکارهاتوو لەماڵەکاندا.

لەدوای ئەوەی بابەتەکەمان ڕوونکردەوە بۆ هەموولایەک لێرەوە پێم خۆشە لەسەر ئەم بابەتە زیاتر بنوسم و لەپێناو سود وەرگرتن لەم بابەتە پێم خۆشە چۆنییەتی پاراستنی ئاو و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو گرنگی و چۆنییەتی پاراستنی ئاو بخەمە روو.

ئاو لەسەر ڕووی زەوی نزیکەی ٧٠% ی ڕووبەری زەوی پێکدێنێت،بەڵام ڕێژەیەکی کەمتری ئەم ئاوە مرۆڤ دەتوانێت سودی لێ ببینێت.ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ڕوونی بکەمەوە ئەویش ئەوەیە کە ئێمە چۆن بتوانین لەناو ماڵ و دەرەوەی ماڵدا چۆن وا بکەین کەمترین بڕ ئاو بەکار بهێنین و بە پشت بەستن بە دوو ڕێگا دەتوانین ئەم کارە ئەنجام بدەین:

ڕێگای یەکەم:کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو لەناو ماڵەکانماندا:

١.هەوڵبدەن لەکاتی ڕیش چاککردن، دەست شتن، قاپ شتن و ددان شتندا لەو کاتەی کە فڵچە بەکاردێنیت ئاوی سەر دەستشۆر یاخود هەر شوێنێک کە ددانی لێدەشۆیت بگریتەوە.هەروەها لەو کاتانەی کە خۆت دەشۆیت بەتایبەت لەکاتی بەکارهێنانی سابووندا کە پێویست نییە ئاو بکەیتەوە باشترە بەلوعەکە بگریتەوە تاوەکو کەمترین ئاو بەکاربهێنیت و لەکاتێکیشدا کە پێویستت بە کردنەوەی ئاو بوو بەلوعەکە بکەرەوە و هەوڵبدە ئەو کارەی پییدەکەیت لە ماوەیەکی کورتدا تەواوی بکەیت و بۆ ئەوەی نەچێتە خانەی بەفیڕۆدانی ئاوەوە.

٢.باشترە ئەو ئاوەی کە زیادەیە لەکاتی کردنەوەی بەلوعەدا یان لەکاتی شوشتنی ماڵەکانتاندا بەکاربێت بۆ ئاودانی باخچەکانتان ئەگەر زانیت دەگونجێت ئاوەکە باشترە لەوەی کە بەفیڕۆ بچێت یاخود ئاوی پاکی تێدا بەکاربهێنرێت،باش دەزانم لەوانەیە بڵێن جا چۆن ئەو ئاوە پیسە بۆ ئاودانی باخچەکان بەکاربهێنین،بەڵام با نمونەیەک بهێنینەوە بۆ ئەوەی کە بیسەلمێنی ن ئاساییە بەکاربهێنیرێت بۆ ئاودانی باخچەکان.بۆ نمونە مرۆڤ زۆر پیویستی بە ئۆکسجین هەیە بەڵام ڕووەک هیچ پێویستی پیی نییەو فڕێی دەداتە دەرەوە.

٣.ئامێرەکانی قاپ شتن و جل شتن بەشێوەیەکی گونجاو بەکار بهێنە لەڕووی بەکارهێنانی ئاویش و کارەباشەوە وەک چۆن لەبابەتێکی تردا ئاماژەم بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا کرد لە ماڵەکاندا.
٤.هەوڵبدە شتن بە هەموو جۆرەکانییەوە کەم بکەیتەوە بۆئەوەی بڕێکی کەمتر ئاو بەکاربهێنن جا کەمکردنەوەی شتنیش لەڕێی باشتر بەکارهێننای ئەو شتانەی پێویستیان بە پاککردنەوە هەیە وەکو قاپ و جل و زۆر شتی تر کە ڕۆژانە پێویستان بە شتنەوە هەیە.لەکاتی شتنی جل و بەرگیشدا هەوڵبدە زیاتر لەبەر خۆردا ووشکی بکەنەوە ئەویش لەبەر ئەوەی تیشکی خۆر میکرۆبە زیان بەخشەکان لەناو ئەبات و بڕی بەکارهێنانی کارەباش کەم دەکاتەوە.

٥.بەردەوام ئاگاتان لە بۆریەکانی مالەکانتان بێت لەکاتی بوونی هەر لیکێکدا بەخێرایی چارەسەری بکەن و تاوەکو کەمترین بڕی ئاو بەهەدەر بچێت.زۆربەی کات ئاو لە دەمی بەلوعەکانەوە دەڕوات ئەویش بەهۆی بەلوعەکەوەیە کە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ئاو بکات و باشترین چارەسەریش گۆڕینی بەلوعەکەیە بۆیی توشی ئەم حاڵەتە نەبیتەوە.

٦.هەوڵبدە ئەو ماددانەی کە دەزانیت بە ئاوێکی زۆر نەبێت لاناچن بەتایبەت مادەیەک کە قەبارەی هەبێت وەکو بەرد و دار و پەڕۆ و زۆر شتی تر پێویستە بکرێتە تەنەکەی خۆڵەوە باشترە وەک لەوەی بتەوێت کە بە ئاو بیگوازیتەوە.

٧.هەوڵمەدە هەموو ڕۆژێک ماڵەکەت بشۆیت،زۆر جار لەماڵەکاندا هەموو ڕۆژێک تەوالێتەکان دەشۆن کە ئەمە کارێکی زیادەیە.خۆڵ و خاشاکیش با نەجێتە ناو تەوالێتەکانتانەوە چونکە دواجار دەبێت ئاو بەکاربهێنیت بۆ پاککردنەوەی.

ڕێگای دووەم:کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو لەدەرەوەی ماڵەکاندا:

١.بەکارهێنانی پیوەری ئاو(water meter) کە پێویستە ئەم پیوەرە هەبێت وەک چۆن لە زووربەی ووڵاتاندا هەیە و کە پێوەرێکە بۆ نرخ و بەکارهێنانی ئاو بۆ هەر ماڵ و بیناو باڵەخانەیەک.بە دانانی ئەم پێوەرە دەتوانیت بزانیت ڕۆژانە و مانگانە چەندت ئاو بەکارهێناوە.

٢.هەوڵبدە ئاوی باراناو گل بدەیتەوە بۆ ئاودانی باخچەکەت بەتایبەت لەوەرزەکانی کەم ئاویدا و هەروەها لەو کاتانەی کە دەزانیت ئەو ئاوی ناو بیناکە کە لەڕێگای شتنەوە دەستت دەکەوێت بەکەڵک نایەت بۆ ئاودان بۆیە ئاوی باراناو سودێکی زۆری هەیە بۆ ئەم کارە.

٣.هەوڵبدەن لەشەودا ئاوی باخچەکانتان بدەن،چونکە کاتێ بەڕۆژدا ئاوی باخچەکە بدەیت بەشێکی لێدەبێتەوە بە هەڵم بەهۆی تیشکی خۆرەوە بەتایبەت لەوەرزە گەرمەکانداو بەتایبەت لە هاوینی ووڵاتی ئێمەدا.

٤.لەکاتی ئاودانی باخچەکاندا تەنها ئاوی ئەو بەشانە بدە کە پیویستی بە ئاودانە،چونکە دواجار هەر ئەو بەشە سود لە ئاوەکە دەبینێت کە پێویستی پێیەتی.هەروەها ئاوی باخچەکان بدە بەڵام کەم کەم و ناو بەناو نەک ئاوێکی بێ شومار و لەماوەیەکی کەم یا زۆردا چونکە ڕووکەکانیش توانای وەرگرتنی ئاویان نییە بە بڕێکی زۆر.

٥.هەوڵبدە لەکاتی ئاوداندا بۆ نەمام و درەختەکان حەوز دروست بکەیت بۆ ئەوەی تەنها ئەو ڕووەکە خۆی سوود لە ئاوەکە ببینێت کە بۆت دابینکردووە.

٦.هەوڵبدە کەمترین جار ئۆتۆمۆبیلەکەت بشۆیت خۆ ئەگەر شۆردت هەوڵبدە نزیک لە باخچەکەت بیشۆیت و بۆ ئەوەی سود لە ئاوەکە وەرگریتەوە بۆ ئاودانی باخچەکەت.

٧.لەکاتی شتنی ماڵەکەتدا هەوڵمەدە بەردەرگاو شەقامەکەی بەردەم ماڵەکەشت بشۆیت،ئەم خاڵە زۆر باوە لە ووڵات و هەرێمی ئێمەدا کە پیویستە ئەم بیرکردنەوەیە واز لێ بهێنین.

لەکۆتایدا پێم باشە هەموومان لای خۆمانەوە گرنگی تەواو بدەین بەم بابەتە چونکە دواجار هەر خۆمان باجەکەی دەدەین و با چیتر بە بەبیری کۆنەوە خۆمان گیرۆدە نەکەین.

هێمن ڕەفیق
b

b

ئەم ماڵپەڕە دروستکراوە لە لایەن : بەهمەن عومەر - خوێندکاری ئەندازیاری شارستانی-ئاودێری

هناك تعليق واحد:

  1. دەستت خۆش بێت بۆ زانیایەجوانەکانت بەهیوام هەموتاکێکی ئەم کۆمەڵگایە ووشیربێتەوەوبەهاونرخی ئاوبانێت.

    ردحذف

کۆمێنت

يتم التشغيل بواسطة Blogger.