یعقوب كاكل
دیاردەی بوومەلەرزە بە شێوەیەكی گشتی لەسەر ئاستی جیهان دا ڕوو دەدات بە جوڵە و لەرزاندنی جیاواز ، ئەگەر باسی ناوچەكەی خۆمان بكەیین واتە سلێَمانی و دەوروبەری ئەم ناوچەیە كەوتۆتە نێوان چەند زنجیرە چیایەكەوە وە ناوچەی سلێمانی و دەوروبەری لە ڕووی فیزیۆگۆافییەوە دەكەوێتە پشتێنەی ناوچەشاخاوییە بەرزەكانەوە بە پێی پۆلێنكاری Buday and Jassim ، ئەم ناوچەیە بە چەندین پێكهاتەی جیۆلۆجی دەورەدراوە ،كە ئەویش زنجیرەی قۆقزی ئەزمەر لەبەشەكانی باكووری خۆرهەڵاتی وە زنجیرەی قۆقزی پیرەمەگرون لە باكووری خۆراوا وە زنجیرەی قۆقزی سەگرمە لە باشووری خۆراوا وە چەندین پێكهاتەی ڕووچاڵ و قۆقزی بچوك بچوك لە نێوان ئەم پێكهاتە سەرەكیانە هەیە .
لە ڕووی تەكتۆنیەوە ،ئەم ناوچەیە دەكەوێتە پشتێنەی لاوەكی باڵامبۆ- تانجەرۆ (Balambo-Tanjero Subzone ) بە پێی دابەش بوونی تەكتۆنی جیۆساینكلاین كە (Buday and Jassim ) دەستنیشانیان كردووە.. ساڵی 1987.
جێگەی ( موقع ) شاری سلێمانی دەكەوێتە خاڵی یەكتربڕینی هێڵی درێژی( ´25 °45 )ی خۆرهەڵات و بازنەی پانی(´33 °35 )ی باكوور وشوێنی فەلەكی شاری سلێمانی لەسەر سنوری شەقامی (60)م دا ،وە هێڵی درێژی "37 ´22 °45 و "33 ´28 °45 ی خۆرهەڵات و بازنەی پانی "01 ´32 °35 وە "40 ´35 °35 باكوور بە گوێرەی ئەم سنوورە ڕووبەری شاری سلێمانی 31,352 كم2 بەپێی دیزاینی نەخشەی بنچینەیی شاری سلێمانی , زۆربەی پێكهاتەكانی توێكڵی زەوی لەم ناوچەیەدا زۆر بە ئاڵۆزی نیشتووە و شكان تیایدا ڕوویداوە لەئەنجامی جموجوڵی ئەلبییەوە،كەلە تەمەنی مایۆسین بۆ پلایۆسین كۆتایی پێهاتووە ، ئەویش بەداخستنی دەریای تییشس وە پیاكێشانی هەردوو پلێتی عەرەبی – ئێرانی وە پێچخواردنی هەموو نیشتووەكانی نێوانیان و دروستبوونی زنجیرەشاخەكانی زاگرۆس ،كە زۆربەی پێكهاتەی ناوچەی سلێمانی دەكەوێتە ئەم زنجیرانەوە.
سەبارەت بە پێوانی پلەی بومەلەرزە و گورەكەی لەسەر ئاستی جیهان دا بەگشتی لە دوای ساڵەكانی ( 1900 ) ز بە شێوەیەكی زانستی دەستی پێكردووە و زانراوە .
ڕوودانی بومەلەرزە لە ناوچەی سلێمانی و دەوروبەریدا بە شێوەیەكی سەرەكی بە هۆكاری جێگیر نەبوونی هەردوو پلێتی - فارسی و عەرەبی – لە دوای بەریەكەوتنیان لەسەردەمە جێولۆجیەكانی ڕابوردوەوە دێت لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆس و تۆرۆس دا كە تا ئێستاش سەقامگیر ( استقرار ) نەبوون و ناو بەناو دیاردەی جوڵەی زومینی ڕوو دەدات ( بومەلەرزە ) .
(( پۆلێن كردنی جۆرەكانی بومەلەرزە لە كوردستانی عێراق دا ((
1- بومەلەرزەی ( تەكتۆنی ) / كە لە ئەنجامی جوڵەی چینەكانی ژێرەوەی زەو یدا لە نێو تاوێرەكان كە بە شێوەیەكی كتوپڕ شكان ڕوو دەدات و جوڵەو بومەلەرزە دروست دەكات ئەویش لە ئەنجامی جوڵەی پلێتەكانی زەمینەوە سەرهەڵدەدات .
2- بومەلەرزەی بوركانی / لە ئەنجامی تەقینەوەی بوركانەوە دروست دەبێت دەرپەڕینی ( magma ) ی لێ دەكەوێتەوە كە زۆر جار هەندێ لە شارەزایان پێیان وایە كە ڕودانی بومەلەرزە هۆكارەكەی بۆ چالاكیە بوركانیەكان دەگێڕێتەوە 0
3- بومەلەرزەی داروخان / ئەم جۆرەیان لە ناو بۆشاییەكان و چینەكانی ژێر زەوی دا دروست دەبێت لە پاش دروست بوونی بۆشای لەناو چینەكان دا ( karst ) یان ئەشكەوت ، وە پاشان پەستان لەسەر ئەم بۆشاییانە دروست دەبێت و دواتر داڕوخان ڕوو دەدات و جوڵە و بومەلەرزە دروست دەبێت ، وە لە ناوچەی كێڵگە نەوتیەكان و كانگاكانیش دا لە ئەنجامی دەرهێنانی پترۆڵێكی زۆر و كەمبوونەوەی پەستانی ناوەوە ئەم داروخانە ڕوو دەدات و جوڵەی زەمینی سوك دروست دەبێت وەك لە كەركوك لە ساڵانی ڕابوردودا ڕووی داوە .
(( هەندێ لە هۆكارەكانی بومەلەرزە لە كوردستان دا ))
1- ناوچەكانی بەنداوەكان و گۆماوەكان بە هۆكارێك بۆ چالاكی بومەلەرزە دادەنرێت بۆنمونە وەك لە دوكان و دەربەندیخان دا ئەم جوڵەیە دروست بووە و تۆمار كراوە ئەویش لەپاش پەستانێكی زۆر بۆسەر زەوی ئەو ناوچەیە لە لایەن ئەو بِرە ئاوە كۆبوەوە زۆرەی كە لە پشت بەستی بەنداوەكە دا كۆبۆتەوە ئەمە جگە لە هەموو ئەو موادە نیشتەمەنیانەی كە لە لەلایەن ڕوبارەكانەوە دەگوێزرێنەوە بۆ ناو بەنداوەكە كە سەدان هەزار تەن دەبێت و لەگەڵ ئاوی كۆبوەوە دا پەستانێك دەخاتە سەر زەوی ناوچەی بەنداوەكەو ئەو ڕوبەرەیش بەرگەی ئەو پەستانە ناگرێت و داچون و جوڵەی زەمینی دروست دەكات .
2- شوێنی جوگرافی كە پەیوەندی بە ( پلێت ) و چینەكانی ژێر زەویەوە هەیە وەك لە ناوچەی زنجیرە چیاكانی زاگرۆس و تۆرۆس دا بەردەوام ئەم جوڵانە هەیە بە هۆی ناسەقامگیری چینەكانەوە .
(( ئەو پێشبینیانەی كە لە پێش ڕودانی بومەلەرزەوە دەكرێت ))
- ڕودانی لێشاوێك لە بومەلەرزەی بچوك لە ناوچەكە دا پێش ڕودانی بومەلەرزە گەورەكە .
- گۆڕانی كوت و پڕی ئاستی ئاوی ژێر زەوی .
- هەڵسوكەوتی نا ئاسایی هەندێ لە خشۆك و گیانەوەران بە تایبەت مار و مشك .
- گۆڕانی كەش و هەوای ناوچەكە .
- گۆڕانكاری لە ئاستی ئاوی دەریا دا .
- گۆرانی بواری كارەبایی هەوای ناوچەكە .
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق
کۆمێنت